۱۳۹۳ تیر ۲۳, دوشنبه

قاسملوو، هزرێکی نه‌مر

قاسملوو، هزرێکی نه‌مر
دۆکتۆر قاسملووقاسملوو، هزرێکی نه‌مر
(به‌ بۆنه‌ی شه‌وی یه‌لدا، شه‌وی له‌ دایکبوونی د. قاسملووی رێبه‌رمان)

بەڕایی: قاسملوو بوێری و شەفافییەتی كردبوو بە بنەمای كاری خۆی و زۆر بە قووڵی دژی بێ ئیرادەكردن و هەر جۆرە بە ئامرازبوونی مرۆڤ بوو، ئەو خەباتگێڕه‌ مەزنە سەربەخۆیی ئیرادەو كردەوەی كردبووە بناخەی كاری خۆی و پارتەكەی.

كەسایەتیی پراگماتیستی قاسملوو ببووە هۆی ئەوەی تاك تاكی ئەندامانی پارتەكەی بڕوا بەم ئەندێشەیە بێنن كە «حیزب»، بەرهەم و كەڵەكەبووی ماندوونەناسێتیی شۆڕشە». ناوبراو دژی «بەستراوەیی كەسایەتی» و هەر جۆرە تاكپەرستییەك بوو، لەم وتارەدا تێدەكۆشین هێندێك لایەنەكانی كەسایەتیی سیاسی ئەو رێبەرە بەتواناو ئەو شۆرشگێرە ئازادیخوازو دیموكراسیخوازە بە بێ زێدەڕۆیی بخەینە بەرباس.


    
قاسملوو شۆڕشگێرێكی پراگماتیست و رئالیست

قاسملووی خاوەن پوتانسییەلی فیكری و تئوریكی دەوڵەمەندو بە هاوكاری كەسانێكی بەتوانای وەك دوكتور سەعید شەرەفكەندی و.. كە ـ لە راستیدا وەك زنجیرەیەكی فیكری بەهێزـ هەمیشە خاوەن ئەندێشەی نوێ بوون و توانای بەرهەم هێنانەوەی ئەڵتێرناتیڤی نوێی خەبات بوون، حیزبی دیموكراتیان كردبووە ئەكتەرێکی سەرەكی له‌ مەیدانی سیاسیی كوردستان و ئێران. لە راستیدا قاسملوو بەپشت بەستن بەو ژێرخانە تئوریك و فیكرییەوە، رەوتی ئاڵوگۆڕە سیاسییەكانی ئێران و كوردستان بەراستی و دروستی لێكدەدایەوە و راڤەی دەكردن. قاسملوو شارەزای خەڵكەكەی خۆی و تان و پۆی كۆمەڵگەکه‌ی و شیرازە كۆمەڵایەتی و چینایەتییەكەی بوو. هەر بۆیەش رێبەرێكی سەركەوتوو بوو. تێگەیشتوویی و راڤەی دروستی هەلومەرج و روانگه‌ی رئالیستیی وەك بەشێكی جیانەبۆوەی خووخده‌ و كەسایەتییه‌ سیاسییەكەی، تەواوكەری پراگماتیسمی قاسملوو لە قۆناخە جیاوازەكانی خەبات بۆ وەدیهێنانی ماف و داخوازییەكانی گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان بوو.


ئەو تایبەتمەندییانە دەبوونە هۆی ئەوەیكە قاسملوو وەك رێبەرێكی پراگماتیست و لە هەمان كاتدا بەرپرسیار، ئەوەیكە لە پێوەندیی لەگەڵ خەبات بۆ رزگاری گەل و حیزبەكەی بە زمان دەیوت، بە كردەوە بسەڵمێنێ و هەر ئەم خسڵەتەبەرزەی بوو بە هۆی ئەوەیكە بە سەركەوتوویی بزووتنەوەی میللی ـ دیموكراتیكی گەلی كورد و حیزبی دیموكراتی كوردستان لە رۆژهەڵات لە قۆناخی ئەستەم و پڕ لە هەوراز و نشێوی چەكداری دا رێبەری بكا.
    

قاسملوو رێبەرێكی خاوەن بیری ئیستراتێژیک

خەبات و رەوتی ناسیوناڵیستی پێویستی بە رێبەرایەتییەكی هەڵسووڕ و كارامه‌ هەیە كە توانای بیركردنەوەو تئوریزەكردنی بنەماكانی خەباتی هەیە و لە هەمانكاتیشدا خاوەن پوتانسییەل و دەسەڵاتی پراكتیك و جێبەجێ كردنی بیروبۆچوون وئەندێشەكانی بێ. كۆی ئەم خسڵەت و تایبەتمەندییانە ئەندێشەی ستراتژیكن. قاسملوو لەگەڵ ئەوەیكە روانگەو خوێندنەوەیەكی دروستی لە پرس و رووداوە سیاسییەكان هەبوو و تەنیا به‌ روانگه‌یه‌کی «ژورنالیستی» و ئاستەكی نەیدەڕوانیە هاوكێشەو رووداوەكان. بە پێی خوێندنەوەی دروستی لە پرسە سیاسییەكان لە مەیدان دا دەوری دەگێڕاو وەك رێبەرێكی ستراتژیك و خاوەن تایبەتمەندی «دوارۆژ بینی»سەبارەت بە پرس و رووداوە سیاسییەكانی كوردستان، ئێران، رۆژهەڵاتی نێوەراست و جیهان هەمیشە كاریگەری پۆزەتیڤ و ئەكتیڤی لەسەر بڕیارە سیاسی و هەڵوێستەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستان بووە. هەر ئەم تایبەتمەندییە بەرزانەیە كە حیزبی دیموكراتی كوردستان لە سەردەمی رێبەرایەتیی دوكتور قاسملوو دا دەبێ بە حیزبێك كە توانای سەركەوتن بە سەر تەنگ و چەلەمەكان و دەرباز بوون لە هەر جۆرە قەیرانێكی چاوەڕواننەكراوی هەیە.
    

قاسملوو و دیموكراسی

دوكتور قاسملوو رۆڵێكی بەرچاو لە ساغ كردنەوەی حیزبی دیموكرات دا دوای خەباتی چەكداری 47 ـ 46 (بە رێبەرایەتیی كۆمیتەی شۆڕشگێری حیزبی دیموكراتی كوردستان) دەگێڕێ و حیزب دەكاتە حیزبێكی مودێرن و خاوەن پێڕەو و پرۆگرام كە تێدەكۆشێ مەیدانی خەبات بەرینتر بكاتەوە و لە هەموو ئەو لایەنانەی خەبات بۆ وەدیهێنانی ماف و داخوازییەكانی گەلی كورد كەڵك وەرگرێ. هەر ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەیكە حیزب لە سێ رەهەندی ناسیۆنالیستی، چینایەتیی و خەبات بۆ دامەزراندنی سیستمێكی دیموكرات درێژە بە چالاكی بدا. بەڵام باوەڕی قووڵی قاسملوو بە دیموكراسی لەم وتە بە نرخەی دا زیاتر دەردەكەوێ كە دەڵێ: (خه‌باتی ئێمه‌ بۆ وه‌دیهێنانی دیموکراسی، نابێ بچێته‌ ژێر سێبه‌ری خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی یا چینایه‌تی). دكتور قاسملوو ئەوەندەی بڕوا بە دیموكراسی هەیە كە بەردەوام لەسەر پرۆڤەی دیموكراسی قسە دەكا و هەموو رۆژێك بۆ تەمرینی دیموكراسی لەبەرچاو دەگرێ.


    
قاسملوو، نووسەر و تئۆریزانێكی بەتوانا

دوكتور قاسملوو لە باری تئۆریكیشەوە وەك بیرمەندێكی هەڵكەوتەو لێهاتوو بەرچاوەو هێندێك بەرهەمی لەپاش خۆی بە جێ هێشت كە هێشتاش كتێبخانەی كوردی شانازییان پێوە دەكا، گرینگترینی ئەم بەرهەمانە كتێبی «كوردستان و كورد»ه‌ كە لە روانگەیەكی زانستییەوە، هەلومەرجی جوگرافیایی، مێژوویی، ئابووری، مرۆیی و كۆمەڵناسیی كوردستانی لێك دەداتەوە. نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێ كە دوكتور قاسملوو له‌ كاتی نووسینی ئەم بەرهەمە بەسوودە بە هۆی دوور بوون لە كوردستان و نەبوونی بواری لێكۆڵینەوەی مەیدانی كەندو كۆسپی زۆری بۆ نووسینی لەبەر بووە. هەروەها «كوردستان و كورد» لە سەردەمێك دا نووسرا كە سەرچاوەو ژێدەری زانستی هاوئاستی ئەو بەرهەمە لە كتێبخانەی كوردی دا ده‌گمه‌نن تا دوكتور قاسملوو بتوانێ كەڵكیان لێ وەرگرێ، كە ئەمە خۆی بایەخی ئەم بەرهەمەی قاسملوو زیاتر دەكا. هەروەها بیروبۆچوونەكانی قاسملوو لە پێوەندی لەگەڵ سۆسیالیزمی مەوجود، رێگەی گەشەی ئابووریی ناسەرمایەداری، هەلومەرجی ئەو كاتی بلۆكی رۆژهەڵات و دەوڵەتە كۆمۆنیستییەكان و باس كردنی سوسیاڵیزمی دیموكراتیك بۆ یەكەم جار لە ئەدەبیاتی سیاسیی گەلی كورد و نووسین لەم بارەیەوە لە قۆناخێك دا كە گوتاری چەپی ئۆرتۆدۆكسی، گوتاری زاڵی كۆڕو كۆمەڵە سیاسی و رووناكبیرییەكانی ئەو سەردەمی كوردستان، ئێران و ناوچەیە، سەرەڕای ئەوەیكە دژەباوی و بوێری و لە هەمانكاتدا دوارۆژبینیی کاک دوكتور قاسملوو نیشان دەدا، دەرخەری تێگەیشتنی بەرهەست (ئوبژكتیڤ) و دروستی قاسملوو لە پرسە (كلان)ە سیاسییەكانی سەردەمە.


قاسملوو، دیپلۆماتیكی بەواتای راستەقینەی وشە

لایەنی دیپڵۆماتیكی قاسملوو یەكێكی دیكە لە تایبەتمەندییە بەرزەكانی ئەم جوامێرە مەزنەی گەلی كوردە. قاسملوو كە لە زانكو بەناوبانگەكانی ئورووپا خوێندنی تەواو كردبوو و چەندین زمانی زیندووی جیهانی دەزانی، تەنانەت لە دژوارترین قۆناخەكانی خەباتی چەكداری و شەڕی پارتیزانی دا گرینگیی چالاكیی دیپڵۆماتیك و پێكهێنانی لۆبیی كورد لە وڵاتە زڵهێزەكان و رێكخراوە كاریگەرەكانی جیهان لەبیر ناكا و بەردەوام هەوڵی بۆ دەدا و دامەزراندنی پێوەندیی قووڵ و راكێشانی پشتیوانیی مەعنەوی و دەرمانی وڵاتێكی وەك فەڕانسە و كردنەوەی نوێنەرایەتیی حیزب لەو وڵاتەدا، بوون بە ئەندامی ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست، پێكهێنانی پێوەندی لەگەڵ بزووتنەوە ئازادیخوازو پێشكەوتووەكان لە وڵاتانی دیكەی جیهان وەك بزووتنەوەی رزگاریخوازی فه‌لەستین و خودی یاسر عەرەفات و.. بەشێك لەو هەوڵ و چالاكییە دیپڵۆماسییانەی شەهید قاسملوون.


قاسملوو و سیاسەتی (اخلاق مداران)

قاسملوو هەمیشە ئه‌خلاق بە مه‌رجی پێویست بۆ چالاكی سیاسی دەزانێ. ناوبراو هەمیشە دژی روانگەی ماكیاڤێلیستی له‌ سیاسەتدا بووە و ئەمەشی بەكردەوە لە چەند دەیەی رێبەڕایەتیی حیزبی دیموكرات دا سەلماندوە. قاسملوو بە روانگەیەكی ئەخلاقی و دەروەستانە دەیڕوانیە بابەتی سیاسی و لە نێوخۆی رێكخستن و لە دەرەوەش و لە ئاستی پێوەندی (كلان) و هاوكێشە سیاسییە پێچەڵاوپێچەكانی ناوچەو جیهان دا ئەم پێبەندی و دەروەست بوونەوەی دەپاراست. كە رەنگە شێوەی هەڵسوكەوتی ئەخلاق مەندانەی ناوبراو لەگەڵ رێژیمی بەعسی عێراق و هاوكات پێوەندیی چڕوپڕی لەگەڵ رێبەرانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی باشووری كوردستان گەورەترین بەڵگە بۆ سەلماندنی ئەم وتەیە بن.


ئاكام: ده‌بێ ئه‌مه‌ له‌بیر نه‌که‌ین که‌ سه‌رکرده‌ و رێبه‌ره‌ گه‌وره‌کان له‌ کاتی تێپه‌ڕین به‌ رێگایه‌کدا ته‌نیا پێیدا تێناپه‌ڕن، به‌ڵکوو هاوکات ئه‌م رێگایه‌ درووست و هه‌مواریش ده‌که‌ن، قاسملووش خاوه‌ن ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ بوو. لە هەشتا ساڵەی لە دایك بوونی ئەو گەورە پیاوەی گەلەكەمان دا رەنگە ئەم شتانەی لە سەرەوە باسیان لێ كرا، بەشیكی كەم بن كە رێبەرانی هەنووكەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان دەبێ سەرنجیان بدەنێ.

نووسەر: ئارام ئیبراهیم خاس

وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: ته‌ها ره‌حیمی

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر