۱۳۹۳ تیر ۲۳, دوشنبه

پێشمەرگەی ‌حیزبی دێموکڕات بوو، بەکر شوانی

پۆستی ئەلیکترۆنی

چاپکردن
لە بیست و پێنجەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی ڕێبەر و سەرکردەی هەڵکەوتووی کورد د. عەبدولڕەحمانی قاسملۆداbekr-shuwani
هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی خۆی و هاوڕێکانی و هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و ئازادیی کوردستان دەنێرم. بەم بۆنەیەوە بەسەرهات و بیرەوەرییەك دەگێڕمەوە کە دڵنیام پاش خوێندنەوەی، لای خۆتانەوە "شەیر" بڵاوی دەکەنەوە بۆ ئەوەی زۆرترین کەس بە چیرۆکی قارەمانی گومناوی ناو ئەم بەسەرهاتە بزانێت.


ڕۆژی ٢ نیسان/ئاپریلی ١٩٩١ بۆ دانیشتووانی چەمچەماڵ و ئەو ئاوارانەی لە کەرکوك و دەوروبەرەوە ڕوویان لەو شارە کردبوو، ڕۆژێکی سەخت و مەرگ هێنەر بوو. سێ هەفتە بوو لە شەڕی بەردەوامدا بووین لەگەڵ سوپا تێکشکاوەکەی سەدامدا. سەرلەبەیانیی ئەو ڕۆژە هێزەکانی بەعش لە ڕۆژئاوای شارەوە پەلاماری شاریان دا. تازە سێ ساڵ بەسەر کارەساتی هەڵەبجە و ئەنفالدا تێپەڕیبوو. بۆیە خەڵك ڕێگای کۆچ و ڕەویان گرتەبەر. لەگەڵ هاتنە خوارەوەی سوپای عەرەبدا لە بانی مەقانەوە، دانیشتووان بە لێشاو و پەلەپرووزێ شاریان بەجێدەهێشت. خۆم و یەکێك لە براکانم و چەند کوڕێکی گەڕەكی خۆمان لە کەسوکار دابڕابووین و ئەوەندەمان زانی شەپۆلی ڕەوێك پەلمانی گرت و لەگەڵ خۆی بردمانی. شەش شەو و شەش ڕۆژ لە ژێر باراندا لە شاخەکانی سەگرمە و قەرەداخ ماینەوە. دواتر هەواڵمان زانی کە هێزەکانی ڕێژیم لاوازن و دەست بۆ کەس نابەن و زانیمان خەڵکێکی زۆر بۆ شار گەڕاوەتەوە. ئێمەیش سەرلەبەیانیی ٨ی مانگ لە ڕێی سەنگاوەوە خۆمان بە شاردا کرد. هەر ئەو ڕۆژە زانیمان کە کۆمەڵێك هاوڕێی خۆشەویستمان شەهید بوون و چەند هاوڕێیەکی تریشمان لە کۆڕەوەکەدا ڕەق ببوونەوە و گیانی بێگەردیان سپاردبوو. دەمەو نیوەڕۆی ئەو ڕۆژە، ٨ی مانگ، لەگەڵ برادەرێکمدا چووینە چۆڵەوانییەکەی بەردەم فەرمانگەی کشتوکاڵ. لەوێ چەند تەرمێکمان بینی کە دیار بوو هەفتەیەك بوو لەوێدا بوون و لە شوێنی خۆیاندا گڵیان بەسەردا کرابوو بۆ ئەوەی بۆنیان دەرنەچێت. خەڵکانێکی تریش هاتن و خەریکی لابردنی گڵی سەر تەرمەکان بوون بەمەبەستی ناسینەوەیان. شوێنی ئەو شەقامەی کە ئێستا لە بەنزینخانەکەوە بەرەو لای کتێبخانەی گشتی و فەرمانگەی کشتوکاڵ دێت، ئەو کاتە بارستەیەکی کۆنکرێتیی گەورەی لێ بوو کە لە سەردەمی منداڵی و هەرزەکاریماندا لە سەری دادەنیشتین و لەوێوە سەیری بانی مەقانمان دەکرد. ئەو بارستەیە پاشماوەی کارگەی هاڕینی بەردی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگاوبان بوو کە تا ناوەڕاستی ساڵانی حەفتایش لە کاردا بوو. لە کاتێکدا بەدیار تەرمێکەوە ڕاوەستابووین، ئەفسەرێکی دوو ئەستێرەیی عەرەبمان بینی بە چەپکێك گوڵەوە لە تەرمێکی ژێر گڵی بن بارستە کۆنکرێتییەکە نزیك دەکەوتەوە. هەموومان بەرەو لای ئەو چووین. کابرایەکی باڵابەرز و سمێڵ ڕەش و تەمەنی نزیکەی پەنجا ساڵ دەبوو. چەکی پێ نەبوو. دیار بوو گەڵەکانیشی لە گوڵە سرووشتییەکانی دەوروبەری ڕێگاکە چنیبوو. من بیرم چوو بۆ ئەوەی لەوانەیە ئەوە تەرمی سەرباز یان ئەفسەرێکی خۆیان بێت. ئەو، چەپکە گوڵەکانی لەسەر تەرمەکە دانا و فاتیحایەکی خوێند. پاشان گوتی: "با بۆتان باس بکەم ئەم قارەمانە کێیە. ڕۆژی ٢ی ئەم مانگە کاتێك هێزەکانی سوپا لە بانی مەقانەوە بەرەو ناو چەمچەماڵ هاتوونەتە خوارەوە، ئەم جەنگاوەرە لەسەر و لە پەنای ئەم بارستە کۆنکرێتییەوە بەرگرییەکی زۆری کردووە و نزیکەی سەعاتێك تانکەکانی سوپای ڕاگرتووە. دواجار لە ناو کۆپتەرەوە بە دۆشکە تەقەی لێ کراوە و گیانی سپاردووە..."
هەموومان بە سەرسامی گوێمان بۆ کابرای عەرەب ڕاگرتبوو. ئەو بەردەاوم بوو و گوتی: "ئێمە هێزێکی ترین و دوو ڕۆژ دوای گرتنی چەمچەماڵ هێنراینە ئێرە. لە ناو سوپادا زۆر باسی ئەم جەنگاوەرە دەکرێت. پاش ئەوەی گیان لە دەست دەدات، هێزێکی سوپا دەگەنە سەری و بۆیان دەردەکەوێت بە کڵاشینکۆف و بیکەیسی و ئارپێچی شەڕی کردووە. کاتێك دەست بە باخەڵیدا دەکەن، دەبینن ناسنامەی پێشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی لە گیرفاندایە. هۆبەی هەواڵگریی سوپا ناسنامەکەیان بردووە و نازانرێت ئەم قارەمانە ناوی چییە و خەڵکی کوێی کوردستانی ئێرانە...."
لە کابرامان پرسی هۆکاری ڕێزگرتنی ئەو لەو پێشمەرگەیە چییە؟ لە وەڵامدا گوتی: "من کەسێكی خوێندەوار و مرۆڤدۆستم و ئەفسەری پزیشکیم. وەك لە ناو سوپادا باس دەکرێت، بەرگریی ئەم جەنگاوەرە بووە بە هۆی ئەوەی کە سەدان کەسی خەڵکی ئەم شارە هەلی هەڵهاتن و ڕزگاربوون لە کوشتنیان بۆ هەڵکەوتووە. بۆیە ئێستا لە کاتێکدا بەڕێوە بووم بچم لەو ماڵانەی ئەوبەرەوە داوای نان بکەم، بە پێویستم زانی ڕێزێك بەرامبەر بەم جەنگاوەرە بنوێنم..."
هەموو ئەوانەی لەوێ ئامادە بووین، کپ و بێدەنگ سەیری یەکدی و بانی مەقانمان دەکرد. ئەو پێشمەرگەیە گەمارۆ نەدرابوو، بە پێچەوانەوە، ڕێگای سێ لای شار کراوە بوو و دەیتوانی وەك ئەو خەڵکە خۆی دەرباز بکات. یان دەیتوانی لە پەنایەکدا خۆی بشارێتەوە و دواتر بە ئاسانی بگاتەوە شوێنی خۆی. بەڵام دیار بوو ئەو وەك جەنگاوەرێکی ڕاستەقینە و بەوەفا سەنگەری بەرگری هەڵبژاردبوو. ئەو ڕۆژە و ڕۆژانی دواتر هەموو تەرمەکانی ناو شار لە گۆڕستانی شێخ سەعید بە خاك سپێردران. ئەو هاوڕێیەم کە ئەو ڕۆژە لەگەڵمدا بوو، ئەویش گەواهیدەری ئەم بەسەرهاتەیە. نازانم دواتر پیاوەکانی ڕێژێمی سەدام ناسنامەی ئەو پێشمەرگەیەیان ڕووبەڕووی لێپرسراوانی حزبی دیموکرات کردووەتەوە یان نا، بەڵام هەمیشە بیر لەوە دەکەمەوە کە دەیان کەس لە خەڵکی چەمچەماڵ و دەوروبەر، بێ ئەوەی بە خۆیان بزانن، لە ژیانیاندا قەرداری ئەو جەنگاوەرە شەهیدەن.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر