۱۳۹۳ تیر ۲۳, دوشنبه

سیاسەتی ئوتریش له هەمبەر رێژیمی ئێراندا، ٢٥ ساڵ پاش تیرۆری ڤییەن (هیوا بەهرامی)

سیاسەتی ئوتریش له هەمبەر رێژیمی ئێراندا، ٢٥ ساڵ پاش تیرۆری ڤییەن (هیوا بەهرامی)


هیوا بەهرامی

هەر له سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەو رێژیمه شالوودەی تۆڕێکی بەرینی بۆ هەناردەکردنی ئیسلامی سیاسی و پەرەپێدانی تیرۆر پێکهێنا. دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ پەرەپێدان به ئێدیۆلۆژییەکەیان کەڵکیان له هەموو ئامرازێک وەرگرتووه و بۆ گەییشتن بە ئامانجەکانیان له ئاستی دونیادا و به تایبەتی له رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، له هیچ جینایەتێک نەسڵەمیونەتەوه.

لە پێناو بەرەپێشچوونی بەرنامەکەیان و بۆ له ناوبردنی دژبەرەکانیان، تیرۆریستەکانی رێژیمی ئێران زۆر کەس و لەوانه نوێنەرانی وڵاتان، خەڵکی سیڤیل و بەتایبەت ئەندام و رێبەرانی پارتەکانی ئوپۆزسیۆنیان کردووەته ئامانج و تیرۆریان کردوون.

٢٥ ساڵ لەمەوپێش شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران به سەرپەرستی د. عەبدولڕحمان قاسملوو سکرتێری ئەودەمی حیزبی دێموکرات به هاوڕێیەتیی عەبدوڵڵا قادری ئازەر سەردانی ڤییەنیان کرد، تاکوو بۆ بینینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ پرسی کورد له ئێراندا لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتووێژ بکەن. له کۆتایی دانیشتنەکەدا و له رۆژی ١٣ی ژوولای ١٩٨٩، نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ''د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، عەبدوڵڵا قادری ئازەر و د. فازڵ رەسووڵ''یان شەهید کردن.

به شەهیدبوونی د. قاسملوو، کوردی ئێران سیاسەتمەدار و کەسایەتییەکی گەورەی له دەست، که باوەڕی قووڵی به چارەسەریی ئاشتییانەی پرسی کورد بوو. دوو کەس له بکوژەکان کەمێک پاش ئەو کارەساته لەلایەن پۆلیسی ئوتریشەوه دەسبەسەر کران. لەگەڵ ئەوەی هەموو بەڵگەکان بەشداریی ئەوانی لەو تیرۆرەدا دەردەخست، نەک تەنیا لەلایەن پۆلیسەوه ئازاد کران، بەڵکوو پۆلیسی ئوتریش هەر دوو تیرۆریستی تاکوو فرۆکەخانەی ڤییەن ئیسکۆرت کرد و بەرەو تارانیان ناردنەوه.

ئەو دەم وەزیری دەرەوه (ئوڵوەیس مۆک) له پارتی دێموکرات مەسیحی و وەزیری ناوخۆ (فرانتس لۆشناک) له پارتی سوسیال دێموکرات هەر چەشنه گوشارێکی تارانیان بۆ ئازادکردنی ئەو تیرۆریستانه رەت دەکردەوه، بەڵام هیچ کات نەیانوت بۆ چی بڕیاری ئازادکردنی دوو کەسیان دا که به باوەڕی پۆلیس و هەموو ئەو بەڵگانەی کەله بەردەستدا بوون، زیاترین گومانیان بۆ ئەنجام دانی ئەو تیرۆره لەسەر بوو!
پاش تیرۆری ڤییەن، پێوەندییه ئابوورییەکانی نێوان ئوتریش و ئێران به شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کرد. له ساڵی ١٩٩١دا سێ شاندی گەورەی سیاسی ــ ئابووریی ئوتریش سەردانی ئێرانیان کرد و چەندین گرێبەستی گەورەیان واژۆ کرد. تەنیا لەو ساڵەدا ئاستی پێوەندیی ئابووریی نێوان ئوتریش و ئێران ١٣% بەرزتر بوویەوه. لە هەمان ساڵدا گرووپی دۆستایەتیی پارلمانتارانی ئوتریشی ئێرانی بۆ باشترکردنی ئاستی پێوەندیی نێوان هەردوو وڵات پێک هێنرا. لەو کاتەوه هەتا ئێستا ئوتریش بۆ رێژیمی ئێران وەک پارتنێرێکی جێگای باوەڕ دەور دەبینێت. ئوتریشییەکان وێڕای هەبوونی گەمارۆی بەهێزی ئابووری لەسەر ئێران، ئێستاش ساڵانه به میلیۆنان یۆرۆ لەگەڵ ئێراندا بازرگانی دەکەن.

٢٥ ساڵ پاش تیرۆری ڤییەن، هێشتا دەوڵەت و دەزگای دادی ئوتریش ئامادە نین هیچ بەرپرسیاریەتییەک له روودانی ئەم کارەساته و ئازادکردنی نایاسایی تیرۆریستەکان وە ئەستۆ بگرن. هەتا ئەو کاتەی دەوڵەت و دەزگای دادی ئوتریش ئامادە نەبن له بەرانبەر بکوژانی ١٣ی ژوولای و ئەوانەی ئەو ئەرکەیان پێ سپاردبوون هەنگاوی سیاسی و یاسایی هەڵگرن، نەتەوەی کورد له هەر دەرفەتێکدا و له هەر جێگایەکی پێویستدا دەوڵەتی ئوتریش وەک لایەنێکی بەرپرس له روودانی ئەو جینایەته سامناکه دەناسێنێت. پێوەندیی بەهێز و بەردەوامی نێوان ئوتریش و رێژیمی تیرۆریستپەروەری ئێران له کاتی تیرۆری ڤییەنەوه هەتا ئێستا له ئاستێک دایه که سەرکۆماری ئوتریش سووره لەسەر ئەوەی وەک یەکەم سەرکۆماری ڕۆژئاوا له ماوەی نۆ ساڵی رابردوودا، له داهاتووی نزیکدا سەردانی رێژیمی ئێران بکات. به دڵنیایی‌یەوه نەتەوەی کورد لە هەموو دەرفەت و کات و شوێنی گونجاودا بۆ لە قاودانی سات و سەودای نێوان دەوڵەتی ئوتریش و رێژیمی تاران کەڵک وەر دەگرت.

ئەم بابەته رۆژی ١١ی ژوولای ٢٠١٤ له روژنامەی "Wiener Zeitung"ی ئوتریشدا بڵاو کراوەتەوە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر