۱۳۹۳ تیر ۲۳, دوشنبه

قاسملوو رێبەرێک بۆ پێگەیاندن- وتاری٥

پێشکەش بە ٢٥مین ساڵڤەگەری تیرۆری دوکتور قاسملوو هاورێیانی
مەجید حەقی– لە مێژووی کۆمەڵایەتی خەڵکی کوردستاندا رێبەرانی زۆر دێن و دەڕۆن. لە ناو ئەو رێبەرانەدا نموونەی زۆرمان بەدەستەوە نیە کە توانیوبێتان لەو هەلومەرجە سەختانەی خەباتی رزگاری خوازانەدا رێکخراوی خۆیان بە شێوەیەک پێگەیاندنبێت کە بۆماوەی درێژ سەرکەوتوو و جێی هیوای زۆربەی خەڵک بن. بەڵام قاسملوو بەو شێوەیە لە کاری خۆیدا سەرکەوتوو بوو.

بە خوێندنەوەی شێوە و مێتۆدی رێبەری قاسملوو بۆمان دەردەکەوێت فەلسەفەی رێبەری ئەو لەسەر بنەمای بارهێنانی رێبەری پێگەیشتوو دامەزراندنی کاری تیمی‌و بەکۆمەڵ بووە کە ئەمرۆش سەرەرای هەموو کەندوکۆسپەکانی سەر رێگای خەبات‌و هەموو ئەو رەخنانەی کە لە سەر رێبەرایەتی حیزبی دێموکرات هەن، بە میراتگری لە قاسملوو و ناوی قاسملوو حیزبەکەیان رێبەری دەکەن.
ئەمرۆ لە هەلومەرجی سەرهەڵدانی هەرچی زیاتری پلۆرالیزمی سیاسی – کۆمەڵایەتی لە کوردستان، هیچ گارانتیەک نیە کە حیزبی دێموکرات هەروا جێی متمانە‌و سەرنج خەڵک بمێنێتەوە. کەسان‌و رێکخراوی دیکە هەن کە لەوانەیە جێی پێیان لە ناو کۆمەڵانی خەڵکدا بەرفراوانتر لە نفووزی ئیستای حدکا بکەنەوە. لە ژێر گوشاردایە کە مرۆڤ هەوڵ دەدات باشترین راندمانی هەبێت‌و بۆیە هیچکات لە مێژووی حیزبی دێموکرات‌دا وەک ئێستا پێویستی بە رێبەرانی کاریگەر نیە. لە ژیاندا هەرکەس لە ئێمە بە شێوەیەک رۆڵی رێبەری دەگێرێت، بۆیە فێربوونی شێوازی قاسملوو فێربوونی مێتۆدی ژیانی ئەو وەک مرۆڤێک دەتوانێت یاریدەرمان بێت لە بەرەوپێشبردنی خەبات و گەشە سەندنی کەسایەتی خەباتگێردا.
قاسملوو لە شێوەی خەباتی خۆیدا رەساڵەتێکی تایبەت هەڵبژاردبوو. بۆیە ئەگەر لە هاورێیان، هاوکاران‌و تەنانەت رکەبەرانی قاسملووش پرسیار بکرێت، وەڵامی هەموویان ئەوە دەبێت: کە ئەو لە پێناو ئامانجەکەیدا خۆی کردە قوربانی. ئەوەی کە قاسملووی لە هاوسەنگەران‌و قوتابیانی خۆی جیادەکردەوە بڕوای قووڵی بە بایەخ‌و نرخەکانی هەڵبژێردراوی خۆی‌و ئاسۆیەک بوو کە لە ناو حیزبەکەیدا وێنا کردبوو. ئەو رێبەرانەی کە بڕوایان بە رێبازیان هەیە، گرێدراوەتر‌و دەروەستن بە ئامانجەکانیان‌و وێنەی گەورەیان لە پێش چاوە کاتی داڕشتنی پلانی کاریان. کێشەی زۆر لە رێبەران ئەوەیە کە بۆخۆیان رەساڵەتێکی تایبەتیان هەڵنەبژاردووە. رێبەر واتە جووڵاندنەوەی رێبواران بۆ یەک ئامانج – بۆ رێگایەکی روون.
بۆ ئەوەی خەونێک وەدی بێت، پێویست بە باوەرێکی قووڵ و ئیمان بەو باوەڕانە دەکات کە رووناکیدەری رێگەی جۆڵانەوەن. کەسێک کە لە دوورەوە تەماشاچی تیمێکی سەرکەوتوو بێت، لەوانەیە پێی وابێت کە لەوانەیە رەزمی سەرکەوتنی ئەوانە بوونی هەندێک کتێبی رێنوێی، کارمەندی شارەزاوە گرێدراوە. بە‌بێ ئەوەی کە ئەو شتانەی سەرەوە ئاماژە پێکران کەم رەنگ بکرێنەوە، بوونی رێبەر‌و رێنوێنێکی بەهێز کە بتوانێت وزەی پێکەوەبوون و بڕوابەخۆبوون لە ناو ئەواندا گەشە پێبدات، سەرکەوتنی ئەو تیمەکارە بۆ درێژخایەن مسۆگەر نابێت. ئەوەی کە دەبێتە هۆی پێشکەوتنی رێکخستنێک تەنیا زانین‌و کارناسی نیە، باوەڕی قووڵ بە رێبازە. ئەوە باوەڕەکانن کە کارسازن، باوەرەکانن کە بەرهەمهێنەرن. بڕوای رێبەران یەکجار زۆر گرنگە، چونکە ئەوانن کە پیادە دەبن و لەناو خەڵکدان.
کێک لە وانەکانی قاسملوو بۆ درێژەدەرانی رێگای ئەو مێتۆدی رێبەری بە راهێنەرانەی ئەو بوو. رێبەری لەو جۆرە رێگای پێشکەوتن، سەرنجدان‌و کۆنسێنرێت (تمرکز) بۆ کارایی هێزەکان، رێنوێنی هەموو چالاکیەکانە بەرەو ئامانج. بەبێ نفووزی هەستیاری ڕاهێنەر، باشترین‌و بەهۆشترین کادرەکانیش سەرکەوتنێکی ئەوتۆ ناتوانن بەدەست بێنن. ویستی سەرکەوتن دەبێ لە کەسایەتی رێبەردا بەهێز بێت‌و وزەی ئەرێنی بە دەوروبەری ببەخشێت. گەر خوازیاری تەواویەت (کمال) نەبی ناتوانی باشتر لەوانی دیکە بی. دیاری کردنی ئامانجێکی روون و کشانی هێلەکانی پێگەیشتن‌و شرۆڤەکردنی رۆڵەکان، ئەرکی هەر رێبەرێکی بەمشوور‌و لێهاتووە.
رەنگە یەکێک لە بەرچاوترین رەخنە کە دەکرێ لە رێبەرانی ئەمرۆی حیزبی دێموکرات بگیرێت، ئەوەیە کە ئەوان پییان وایە، ئامانجەکانی حیزب بۆ هەمووان ناسراوەو دوای بریارەکانی کۆنگرە یا خود کۆمیتەی ناوەندی‌و دەفتەری سیاسی پێویست بە شی کردنەوە نەبێت‌و بڕیارەکان بەو شێوەیەی کە هەیە دەشێ جێبەجێ بکرێن. هەڵەیەک کە بووتە هۆی پێکهاتنی مەودایەکی زۆر نێوانی ئەندامان‌و بڕیاربەدەستان. رێبەر دەبێ ئامانجەکانی بە جوانی بۆ هەموو کەس شی بکاتەوەو ئەندامان لە بڕیارەکە ئاگادار بکاتەوە. هەموو دانیشتنێک دوای بڕیاردان و باسکردن لە هۆو فەلسەفەی بریارەکان ئەندامان ئاگادارتر دەکات‌و هەستی هاوبەش بەرز دەکات و دوای هەر کۆبوونەوەیەکی لەو چەشنە ئەندامان ئامادەترو بەورەترن بۆ جێبەجێ کردنی ئەرکەکانیان. دوکتور قاسملوو لە ماوەی رێبەری خۆیدا، سەرەرای هەلومەرجی ئەستەمی ئەو کات، هەمووجارێ ویستوویەتی هەم ئەندامانی رێبەری‌و هەمیش تەواویەتی کادرو پێشمەرگەکانی حیزب لە بڕیارەکان‌و پرۆسەی بریاردان ئاگادار بکاتەوەو ئاستەکانی خوارەوەی ئۆرگان بەشداری بکات لە رەوتی بڕیارداندا.
ئەوەی کە لە دەورانی رێبەری قاسملوودا بووبەهۆی سەرکەوتن و پێشڤەچوونی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هەستی زۆر بۆ پێکهێنانی سیستەمی راهێنان و ئەو سیاسەتانەی بوو هاوتەریب بوو لە گەڵ بۆچوونی تەواویەتخوازی بۆ ئەوەی هەمیشە باشترین ئاڵترناتیڤی پێ بێت بۆ کۆمەڵگا‌و چارەسەری سیاسی. ئەگەر مرۆڤ بیهەوێ تەقە لە خاڵێک بکات، دەبێت ناوەراستی ئەوخاڵە بکاتە نیشانە. گەر مرۆڤ خاڵی ناوەراست نیشانە بگرێت‌و تیرەکە بە هەڵە بروات، دیسانیش لە ئامانجەکە کەوتووە. بەڵام ئەگەر هەموو ئامانجەکە نیشانە بگرێت، لەوانەیە تیرەکە بە هەڵە بڕوات. فەلسەفەی قاسملوو لە دیاری کردنی ئامانجی دوارۆژی حیزب، دروشمی ستراتێژی، قەوارە‌و دامودەزگاکانی حیزبی نیشانەکردنی ناوەراستی خاڵەکە و فۆکۆز کردن لەسەر ئەو ئامانجانە بوون کە بۆ حیزب ناسنامەخوڵقێنەر و بەهاکانی هەموو چین‌و توێژەکانی کۆمەڵگا بە بایەخەکانی خۆی دەزانی. ئامانجی ئەو بەرەو دوارۆژ بوو.
مرۆڤی بێ ئاسۆ و چاوەڕوان، لە ناو دەچێت. لێگەر و چالشێک، کە ئەمرۆ رێبەرانی دێموکرات لە گەڵی بێ ئاسۆیی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی بەهیزە کە بتوانێت قاسملوو ئاسا رەچەلەکشکێن‌و هەرلەوکاتەدا جێی سەرنجی کۆمەڵانی خەلک بێت. لەو سەردەمەدا دەبێ رێبەران بە ئاسۆبینین‌و بۆچوونی بەهێزەوە بن، دەنا لایەنگرانی خۆیان بەرەو هەڵدێری نسکۆ دەبەن. گەر جگە لە شانازیەکانی رابردوو شتێکیان بۆ بەرز کردنەوەی ورەی لایەنگرانیان لە کاتی تەنگانەدا بەدەستەوە نەبێت، بیروباوەڕی لایەنگران لە کاتی وادا ناتوانن لە بەرامبەر لێگەڕ و چالشەکاندا خۆڕاگری بکەن. قارەمانانی سەرەکی خەبات دەزانن کە لەرەوتی خەباتی درێژخایەندا زۆرجار ناچار دەبن شکست بخون، بەڵام ئەوان بە دەیانجار خەون و ئاواتەکانی خۆیان لە بەرچاوی خۆیان زیندوو کردۆتەوە بۆ ئەوەی بەبوونی ئەو بۆچوون و ئاسۆبەرزانە لە کۆسپەکان بەجێ بێلن و بەهێز بن بۆ بەدەست هێنانی سەرکەوتن.
ئەمرۆ زۆر پێویستە رێبەرانی ئێمە بە بۆچوونەکانی خۆیداندا بچنەوە و رێگاکانی گەیشتن بە ئامانج بخەنە گفتگۆ و بەشێوەیەکی کۆلێکتیڤ نەخشە رێگای سەرکەوتن دابرێژرێت. بە تێپەربوونی کات، گەیشتن بە سەرکەوتن یان لە نیوە رێگەدا بەجێ مان، گرێدراوە بەوەیە کە رێبەرانی حیزبی دێموکرات چۆن دەتوانن بیروباوەڕی سیاسی خۆیان بکەنە هاندەرێکی بەهێزو یەکگرتووخوازانە بۆ ئەندامان‌و لایەنگرانیان. دوا قسە ئەوە کە گەڕانەوە بە دواوەو باسی سەرکەوتنەکانی قاسملوو کردن بەس نیە، دەبێ بۆخۆمان پلەکانی سەرکەوتن بپێوین و بزانین نە سەرکەوتن هەتا هەتاییە و نە شکست و دانپێنان بە سەرنەکەوتوویی و شکست مەرگهێنەر.
فینلاند

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر