قاسملوو و پەروەردەی کادر- وتاری ٦
پێشکەش بە ٢٥مین ساڵڤەگەری تیرۆری دوکتور قاسملوو هاورێیانی
پشتیوانەی هەر مرۆڤێکی بە توانا، کەسانی بەتوانای دیکەن کە نابینرێن (پەندی پێشینیان، چینی)
مەجید حەقی– جیهان لە سەر بنەمای یاسای ئانترۆپی یان لە ناوچوون دامەزراوە. مرۆڤ تەنیا بوونەوەرێکە کە بە توانای خۆی دەتوانێت لە بەرامبەر ئەو دیاردەیە رادەوەستێتو لەناوچوونی خۆی کۆنترۆل دەکاتو رێگای ئاوەدانکردنەوەو سەرکەوتن بە سەر ئەو یاسایە بدۆزێتەوە.
جیهان بە دەستی ئەو مرۆڤانە ئاوەدان دەکرێت، کە ورەیان بەرزە، ئاواتەکانیان لە ئاسۆکانی دوور دەفڕنو مێشکەکانیان پەروەردەکراوەو دڵیان پرە لە خۆشەویستی ژیانو دەستی بەتواناو هەڵسووریان هەیە.
چونکە مرۆڤ بوونەوەرێکە کە دەبێ کەندوکۆسپی زۆر لە رەوتی ژیانی خۆیدا ببینێت، کەسانی ژیر ئەو رێگا دوورە بەتەنیا نارۆنو هەوڵدەدەن هاورێی رێگا بۆ درێژەدان بە رێگای خۆیان بدۆزنەوە. ئەوان لە تواناییەکانی خۆیان کەڵک وەردەگرن بۆ یارمەتیدان بەوان و دۆزینەوەی تواناییەکانی هاورێیانیان. بۆ ئەوەی ئەوانیش بە توانا بنو رێگا سەربەرزانە بپێون. دوکتور قاسملوو رێبەرێک بوو لەو چەشنە. ئەو هەوڵیدا، خەباتی کرد بۆ ئەوەی لەو رێگایەدا کەسانێک پەروەردە بن، پێبگەنو خەڵکانی دیکە پێ بگەیەنن.
قاسملوو هەروەک لە وتەکانی لە سمیناری باسێک لە سەر رێبەریو مودیریەت و کورتە مێژووی رێبەرایەتی حیزب لە بەهاری ١٩٨٩دا چەند مانگ بەر لە شەهیدبوونیدا دەر دەکەوێت، کەسێک بوو کە رەمزی سەرکەوتنی لە بوونی بەرێوەبەرانی بەهۆشو کۆ کردنەوەی تواناییەکان لە دەوری خۆیدا دەزانی. بە وتەی ماکیاوێلی: "یەکەم شێوازی بەراورد کردنی هۆشی رێبەر سەیرکردنی کەسانی دەوروبەری ئەو رێبەرەیە." بە بڕوای قاسملوو رێبەرانی گەورەو بەرێوەبەرانی سەرکەوتوو لە تواناییو شارەزایی خەڵکانی دیکە ناترسنو هەست بە هەڕەشە ناکەن. بەڵکوو لەو بروایەدابوو لە جیهانێک کە دەبێت بە کەمترین دادە زۆرترین بەهرە وەرگری، دەبێ تیمی بە توانا پێک بێن.
ئەندرۆ کارنگی (Andrew Carnegie) بازرگانو یەکێک لە رێبەرانی رێکخراوە خێرخوازییەکانی ئەمریکا لە سەرەتای سەدەی رابردوودا دەلێت: "هەنگاوی گەورە لە پێناو گەشەپێکردنو بەرزبوونەوەی ئاستی کەسایەتی خۆت، زانینی ئەو راستیەیە کە بە جیاتی کردەوەی تاک، بە یارمەتی کەسانی دیکە دەتوانی هەر ئەرکێک بە باشترین شێوە بە ئەنجام بگەیەنی". ناوبراو ئاواتی ئەو بوو لە سەر گۆڕی بنووسرێت: "لەو شوێنەدا کەسێک ئارامی گرتووە کە ئەوەندە بە مشوور بوو کە کەسانێک کە لە خۆی شارەزاتر بوون بۆ کار وەردەگرت". ئەسڵی "داڕشتنی پلانو بڕیاردان لە هەموو ئۆرگانەکانی حیزبیدا بە کۆمەڵەو تاکرەویو سەرەڕۆیی لە ناو حیزب دا جێگەی نیە"، کە لە پێرەوی ناوخۆی حدکا دا هاتووە لەو باوەڕەی قاسملووە سەرچاوە دەگرێت.
بە چاوخشاندنێک بە رەوشی سەرکەوتووترین رێکخراوەکان لە جیهانو ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراستو تەنانەت رێکخراوە کوردستانیەکانیش بۆمان دەردەکەوێت کە سەرکەوتن کاتێک مسۆگەرە کە رێکخراو بەجیاتی پشت بەستن بە تاکە رێبەرێک، خاوەنی رێبەریەکی بەهێزو بەرفراوان بێت. سەرکەوتن هیچکاتێک لەنەکاو و بە شانسو بەخت نیە. سەرکەوتووترین رێکخراوەکان ئەو رێکخراوانەن کە رێبەرانیان لە تواناییو بەرێوەبەریی کەسانی شارەزاو بەتوانا کەڵکیان وەرگرتبێت. بە وتەی فرێد مانسک جۆنیوۆر (Fred A. Manske) "باشترین رێبەر کەسێکە کە ئەوەندە پەرۆشی پەروەردەی کەسان بێت کە هەوڵ بدات، هاوکارانی لە بواری زانیاری و توانایی دا لەوی چاکتر بن". جۆن ماکسوێل (John maxwell) کە یەکێک لە بەناوبانگترین نووسەرو مامۆستای رێبەریە لەو پێوەندیەدا دەڵێت: "سەرکەوتنی رێبەر دەکرێت لە لانی زۆری بەهرەوەرگرتنی ئەو لە دەوروبەری پێناسە بکرێت".
لە شێوەی پەروەردە و هەڵسوکەوتی قاسملوو لە گەڵ هاورێیانی ئەو فەلسەفەیە بەروونی بەرچاو دەکەوت کە ژمارەی "یەک" بچووکتر لەوەیە کە لەبەرامبەر "زۆر"دا سەرکەوتوو بێت. بۆیە لە هەموو کردەوەیەکدا، چ لە ئاستی رێکخراوەییو ئاستی رێبەریو جێبەجێ کردنی ئەرکەکانیدا هەوڵیداوە کەسانیکی شارەزا دەوروبەری خۆی کۆبکاتەوە، هانیان بدات بۆ پێگەیشتنو بوون بە رێبەرانی دوارۆژ.
ئەمرۆ بە هۆی هەلومەرجی داسەپاو بەسەر بزاڤی نەتەوایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستانداو قیرانی بڕواو رێبەری لە ناو حیزبەکانی کوردستانی بەتایبەت حیزبی دێموکراتدا، کاری بەکۆمەڵو کەڵک وەرگرتن لە تواناییەکانی شارەزایانو پسپۆران سەرەرای بەرزبوونی ئاستی تێگەیشتووییو پێگەیشتووییو شارەزایی ئەندامانی کۆمەڵگا لە ئاستێکی زۆر نزمو لاوازی خۆیدایە. مێژوو، فەرهەنگو دابونەریتەکانی کوردی دژی کاری بەکۆمەڵ نێن. گلەیی هاواری زۆربەی شاعیرانو نووسەرانی کورد لە نەبوونی یەکیەتی لە نێوان ریزەکانی کوردو رێبەرانیانەوەیە. سەرەرای هەموو ئەوانە لە مێژووی کوردو کوردستاندا کۆمەڵو رێکخراو بە پێی هەلومەرجی سەردەمی خۆی جێگای تایبەتی هەیە. ئەوە گرووپێک لە کوردەکان بوون کە بەکەمترین کەرەسەو ئیمکاناتەوە بە رێبەری سمایل ئاغای سمکۆ، بەشێکی هەرەزۆری باکووری کوردستانیان رزگار کردو بۆ چەندین ساڵ حکوومەتێکی سەربەخۆیان دامەزراند. بەرهەمی کاری گرووپی بوو کە حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لە ماوەی شەش مانگ دوای دامەزرانیدا بتوانێت کۆماری کوردستان دامەزرێنێت و بەرهەمی کاری گرووپی بوو کە حیزبی دێموکرات دوای پاشەکەشەی نزیک بە سی ساڵ، دیسان توانی لە سەرانسەری کوردستاندا ببێتە هێزی پێشرەو و لە ژێر رێبەری قاسملوودا بوو کە ئەو حیزبە بە هەڵبژاردنی دروشمی پێشکەوتنخوازانەو ناسنامەیەکی تایبەت بە حیزبی دێموکرات ببەخشرێت.
هەروەک لە پەندی پێشنینیانی چینی دا هاتووە: "پشتیوانەی هەر مرۆڤێکی بە توانا، کەسانی بەتوانای دیکەن کە نابینرێن"، لە راستیدا کاری بەکۆمەڵ هۆی سەرەکی سەرکەەتنەکانە.
بیستو پێنج ساڵ دوای نەمانی قاسملوو، ئەندامەتی لە دەستەی رێبەری حیزب بووتە بایەخو بەهاو بەهای رێبەری لە ئاستی گشتیدا دابەزیوە. چالشو لێگەرێک کە ئەمرۆ لە بەرامبەر رێبەریی حیزبی دێموکراتدا هەیە ئەوەیە کە چۆن بتوانرێت شوێنی ئەو بایەخانە بگۆرێتو بزانێت کە "پرسیاری سەرەکی لە بوونی گرووپەکاندا نیە، بەڵکوو پێوەندی بەوەیە هەیە کە ئەندامانی تیمی بەرێوەبەری چۆن دەتوانن کاریگەرتر بنو بەشداری بکەن لە سەرکەوتنی گشتیدا." وەبیرهێنانەوەی ئەو راستیەش جێی خۆیەتی کە بە وتەی لیندون جانسۆن سەرۆک کۆماری کاتی وڵاتە یەکگرتووەکان "هیچ کێشەیەک نیە کە نەتوانین پێکەوە چارەسەر کەین، بەڵام زۆر کەمن ئەو کێشانەی کە بەتەنیاییو بە یەک کەس و لایەن جێبەجێ بکرێن.
درێژەی هەیە
فینلاند
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر